ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و
بەرگریی خوولی یەكەمی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكانی عێراق
توانای ئەوەیان هەیە لایەنی تەناهی پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە ببەن، بەڵام هۆشداری
دەدات يئەگەر چاودێری لێهاتوو لە ناوچە جێ ناكۆكەكان جێگیر نەكرێ، هەوڵی
كەمكردنەوەی رێژەی كورد دەدرێ و دەستكاری پرۆسەی سەرژمێرییەكە دەكرێ.عادل بەرواری
ئەمڕۆ پێنجشەم رايگەیاند "هێزەكانی عێراق ئێستە لەرووی ژمارەوە زۆرن و پێداویستی
باشیشیان بۆ دابینكراوە، سەركردە سەربازییەكانیش جەخت دەكەنەوە كە دەتوانن تەناهی
وڵات بپارێزن، بەڵام هێشتایش هەر حاڵەتی سەرپێچی و گرفتی تەناهی دەبێت بەتایبەت
رەنگە لەكاتی سەرژمێریدا ناوچەكانی وەك كەركووك و بەغدا رووداو بەخۆیانەوە ببینن،
بەڵام پێم وایە لایەنی تەناهی نابێتە هۆكار بۆ ئەوەی سەرژمێری دوابخرێ".بەرواری
جەختی كردەوە كە هێزە تەناهییەكانی عێراق دەتوانن تەناهی پرۆسەی سەرژمێری عێراق
بپارێزن، بەڵام هۆشداری دا لەوەی كە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان چاوەڕوانی دەستكاری
سەرژمێریی دەكرێ، بۆیە دەبێ چاودێری نێودەوڵەتی لەو ناوچانەدا جێگیر بكرێ و حاڵەتی
دەسكاری چاوەڕوانكراوە و سەرژمێری لەو لایەنەوە جێی مەترسییە."لە ناوچەكانی وەك
كەركووك، خانەقین و ناوچەكانی پارێزگەی مووسڵ هەوڵی كەمكردنەوەی رێژەی كورد دەدرێت
و لایەن هەیە ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، كاری ساختەكاری دەكات و پرۆسەكە لەكەدار
دەكات، بۆیە دەبێ چاودێران و كوردەكان لێهاتوو بن رێگە نەدەن سەرپێچی رووبدات"
بەرواری وای گوت. بڕیارە لە 24ی تشرینی یەكەمی داهاتوو پرۆسەی سەرژمێری عێراق
بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە ساڵێكە ئامادەكاری دەستی پێ كردووە و جارێك
دواخراوە.
|